دابینكردنی په‌مپی ئاو بۆ فه‌رمانگه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان له‌ لایه‌ن ڕابیته‌ی ئیسلامی كورده‌وه‌


له سه‌ر داوای قائمقامیه‌تی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان و دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان زیانی پێگه‌شت له‌ ئه‌نجامی زه‌مین له‌رزه‌ ی هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی و شاری ده‌ره‌بندیخان به‌ تایبه‌تی كه‌ بووه هۆی ‌له‌ كاركه‌وتنی 3 په‌مپی فه‌رمانگه‌كه كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێكی نه‌رێنی هه‌بوو له‌ سه‌ر دابه‌شكردنی ئاو به‌ سه‌ر دانیشتوانی شاری ده‌ربه‌ندیخان به‌ جۆرێك كه‌ پێشتر 2 ڕۆژ جارێك ئاو ئه‌درا به‌ ماڵه‌كان بوو به‌ 6 ڕۆژ جارێك له‌ هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك. ئێمه‌ش وه‌ك لقی گه‌رمیانی ڕابیته‌ی ئیسلامی كورد له‌ كاتی ڕودانی ئه‌م زه‌مین له‌رزه‌ وه‌ به‌ چه‌ند قۆناغ هاوكاری جۆراو جۆرمان له‌ پاكێجی خواردن و دابینكردنی چادر بۆ گه‌ڕه‌كه‌كان پێشكه‌ش به‌ زیان لێكه‌وتوان كردوه‌. بۆ ئه‌وه‌ی گرفتی كه‌م ئاوی چاره‌سه‌ر بكرێت وه‌ك ئه‌ركێكی ئاینیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستی به‌ باشمان زانی یه‌كێك له‌و په‌مپانه‌ دابین بكه‌ین بۆ فه‌رمانگه‌ی ئاو به‌ یارمه‌تی ژماره‌یه‌ك خێرخوازی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان. به‌رواری 10/12/2017 له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كارگێڕی ڕابیته‌ی ئیسلامی كورد (حسین نجم الدین رسول) و به‌ڕێز قائمقامی شاری ده‌ربه‌ندیخان و به‌شێك له‌ پیاوماقوڵانی شار په‌مپێك به‌ بڕی (11000000) دینار‌ پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخان كرا له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگا حكومیه‌كانه‌وه‌ به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بێت بۆ چاككردنی كێشه‌ی كه‌م ئاوی له‌ شاری ده‌ربه‌ندیخان.
شایانی باسه‌ به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان پێشتر پێی ڕاگه‌یاندین كه‌ دابینكردنی په‌مپێك به‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ئه‌یانه‌وێت و ئێمه‌ دابینمان كرد له‌ كاژێرێكدا (300م3 ) ئاو هه‌ڵئه‌دات و ئه‌بێته‌ هۆی چاره‌سه‌ركردنی زیاتر 25% ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان به‌ واتای به‌رزكردنه‌وه‌ی بڕی ئاوی دابه‌شكراو له‌ ڕێژه‌ی 50% بۆ 75%. ئه‌مڕۆ 12/12/2017 فه‌رمانگه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان په‌مپی ناوبراوی خسته‌ ناو ڕوباری سیروان و ئێستا له‌ خزمه‌تدایه‌.
لێره‌دا به‌ پێویستی ئه‌زانین زۆر سوپاسی خێرخوازان بكه‌ین كه‌ هاوكارمان بوون له‌ دابینكردنی ئه‌م په‌مپه‌داو داواكارین له‌ خوای گه‌وره‌ بیكاته‌ توێشوی قیامه‌ت بۆ هه‌مویان.






دواتر
« Prev Post
پێشتر
Next Post »
سوپاس بۆ كومێنته‌كه‌ت