ئەبوبەكر هەڵەدنی بۆ د.عەلی قەرەداغی: تكایه‌ بۆ هه‌میشه‌ بگه‌ڕێوه‌ بۆ ناومان




به‌رێز دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی

"تكایه‌ بۆ هه‌میشه‌ بگه‌ڕێوه‌ بۆ ناومان"

نوسینیئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی

كێ‌ هه‌یه‌ نه‌تناسێ‌ و نه‌زانێ‌ كه‌ چه‌ند دڵسۆز و بلیمه‌ت وخه‌مخۆری گه‌ل و وڵاته‌كه‌ت و ئاشتی و مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام دوریت لێمانه‌وه‌ جارجاره‌ وێنه‌كانت ده‌شێوێنێ. هه‌موو ده‌زانین چونكه‌ حوجره‌ و فه‌قێ‌ یه‌تی زانكۆ و ماسته‌ر و دكتۆرا ئه‌و به‌هره‌ی خوایی دابوویت به‌ ماندوبوونی و شه‌و نخۆنی خۆت خسته‌ گه‌ڕو كۆڵت نه‌دا تا بووی به‌ ئه‌ستێریه‌كی دره‌وشاوه‌ی مه‌یدانی خزمه‌ت و زانست . 
ئه‌وێ‌ ڕۆژی كه‌ عه‌فله‌قیه‌كان سیاسه‌تی جینۆسایدی گه‌له‌كه‌م و سوتماككردنی خاكی كوردستانیان پیاده‌كرد تۆ قۆڵت هه‌ڵماڵی و رێكخراوی ( ڕابیته‌ی ئیسلامی كورد)ت كرده‌ شاكاری جوامێرانه‌ی خۆت و پێشكه‌شی گه‌له‌كه‌ت كرد و له‌ ئۆردوگاكانی ئێران و توركیا و دوای ڕاپه‌ڕینی قه‌ڵای زاڵم ڕمێنی گه‌له‌كه‌شمان له‌ به‌هاری 1991 هاتیه‌وه‌ ده‌ستی ئاوه‌دانیت به‌سه‌ر شارو گونده‌كانی كوردستان دا هێناو به‌سۆز میهره‌بانیت بویه‌ فریاد ڕه‌سی منداڵه‌ نازداره‌ بێ‌ باوه‌كه‌كان، هاتیت درێژه‌ت به‌ كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و به‌تایبه‌ت مه‌لیكه‌ تاقانه‌و بلیمه‌ته‌كه‌ی كوردان شێخ مه‌حمودی نه‌مردا و وتت نابێ‌ ( بانگی هه‌ق ) له‌ ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه‌ سه‌ر بنێته‌وه‌... دیبه‌یته‌كانت شایه‌دی ئه‌وه‌ن چونكه‌ گه‌شبین بووی و متمانه‌ت به‌ عه‌داله‌تی خواو تۆڵه‌ی كه‌مه‌ر شكێنی ( منتقم ) چه‌وساوان هه‌بوو كه‌ به‌سه‌ركرده‌كانی كوردت ده‌ووت بوونی نه‌ته‌وه‌كان بڕیارو (جعل)ێكی خواییه‌ و ئێمه‌ له‌ بن نایه‌ین و ناتوێنه‌وه‌، هه‌ر رۆژی شاخ و چیاكانی كوردستان له‌بن هاتن ئه‌وا گه‌له‌كه‌ی ئێمه‌ش تۆو بڕاو ده‌بێ‌ ، هه‌گبه‌ی خه‌مه‌كانت هه‌ر له‌ كۆڵ دانه‌نا تا له‌ ئاشته‌وای نێوان دو هێزه‌ ده‌سه‌ڵات داره‌كه‌ی كوردستان تۆش سنگی ئاشتیت چه‌قاندو بوویت به‌ به‌شێك له‌ ته‌قه‌لاكان بۆ نه‌فره‌ت كردن له‌ براكوژی .. مه‌ڵۆیه‌كی گه‌وره‌ی تری خزمه‌ته‌كانت ( زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی) بوو كه‌ هه‌زاران كوڕو كچی وڵاته‌كه‌م به‌هره‌مه‌ندبوون لێی و له‌و فێرگه‌یه‌وه‌ چاكی مه‌ردایه‌تی لێ‌ ده‌كه‌ن به‌لادا بۆ خزمه‌تی گه‌له‌ سته‌م دیده‌كه‌م ، منیش به‌ زمانی جه‌نابی مام جه‌لالی دۆست و نزیكت پێت ده‌ڵێم كاكه‌ عه‌لی قه‌ره‌داغی چل ساڵی ته‌مه‌نت زیاتره‌ له‌ تاراوگه‌ ده‌ژی كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ هه‌میشه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ لامان، تكایه‌ تۆش وه‌ك هه‌ندێ‌ له‌ سیاسه‌تمه‌دار و ڕه‌مزه‌كانمان كات به‌ فیڕۆ مه‌ده‌ و هه‌ڵه‌مه‌كه‌ كۆتایی یه‌كی جوان بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه‌ ماوته‌ هه‌ڵبژێره‌..

بگه‌ڕێوه‌ بۆ لامان:ــ
1ـ فریای بانقه‌كانی كوردستان بكه‌وه‌ و ئه‌زموون و پسپۆری تۆمان بۆ ئه‌م ته‌نگانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌وێ‌ و ژیرانه‌ و حه‌كیمانه‌ با كاربه‌ده‌ستان و به‌رپرسان به‌هره‌مه‌ندبن لێت و، له‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ كه‌ به‌رۆكی گرتوین تۆ به‌شێك به‌ له‌ وزه‌ی هه‌ڵسانه‌وه‌.

2ـ ببه‌ به‌(شێخی خاڵ) و(مه‌لای مدریس) ڕه‌حمه‌تی خوا له‌ گۆڕه‌ پڕ نوره‌كانیان، تۆش قه‌ڵه‌مه‌كه‌ت بخه‌ره‌ كار و سه‌ربورده‌ی حوجره‌ و فه‌قێ‌ یه‌تی و مه‌لا و زانای كورد و ڕۆڵی مزگه‌وت (كه‌ زێڕینترین لاپه‌ڕه‌ی گه‌لی كورد)مانه‌، بۆ بنوسه‌وه‌

3ـ وه‌ره‌ لێره‌ سه‌ربه‌كوچه‌ و كۆڵان و گوندی وڵاته‌م دا بكه‌، بڕۆره‌ پرسه‌ی(شێركۆ و حسین مه‌نصور و حاجی صلاح و شێخ سه‌ربه‌ست و شێخ أحمد)ه‌ كان و سه‌دان شه‌هیدی ئازیزی ووڵاته‌كه‌م تا ئارامبه‌خش بیت بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان كه‌ دوای كۆمه‌كی خوا خوێنی گه‌شی ئه‌وان بۆته‌ په‌رژینی ده‌سكه‌وت و بوونمان.

4ـ وه‌ره‌ بۆ لامان و به‌ جل و به‌رگی كوردیه‌كه‌ته‌وه‌ (كه‌ زۆرت لێ‌ جوانه‌) وانه‌ و ده‌رس به‌ قوتابیانمان له‌ زانكۆكه‌ی خۆت و زانكۆكانی كوردستان بۆ بڵێره‌وه‌ ئه‌و كچ و كوڕه‌ مێرخاسانه‌ شایانی خزمه‌تكردنن، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ میله‌ته‌كه‌مان به‌ڕێوه‌یه‌، پشت به‌ خوا.
5ـ ئێسته‌ ئێمه‌ پێویستی زۆرمان پێته‌ خه‌می جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیت نه‌بێ‌ خاوه‌نیان زۆره‌، هه‌رچه‌نده‌ دڵنیام سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی تر خزمه‌تیان بكه‌ی پێ‌ نه‌زان و بێ‌ ویژدانن به‌رامبه‌ربه‌ گه‌له‌كه‌م كه‌ به‌شدارێكی كارای شارستانیه‌تی ئیسلامی كردوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌و برا هاو ئاینانه‌مان ده‌مانچه‌وسێننه‌وه‌ و ملی كوڕ و كچه‌كانمان ده‌كه‌ن به‌ قه‌ناره‌دا... كچه‌كانمان له‌ پێناوی شه‌ره‌فیان یان له‌ باڵه‌خانه‌ خۆیان ده‌خه‌نه‌ خوار یان گیانی خۆیان له‌ پێناو ڕزگاركردنی كۆبانێ‌ ده‌به‌خشن.. ئه‌و برایانه‌مان پێمان ڕه‌وا نا بینن له‌سه‌ر خاكی خۆمان بژین بخۆین بخه‌وین تێر تێر هه‌وای ئازادی هه‌ڵمژین....

6- ته‌شریف بێنه‌و به‌ بیره‌ میانڕه‌وه‌ فراوان و ڕۆشنه‌كه‌ت دڕ به‌تاریكی توندڕه‌وی بده‌و بۆ هه‌میشه‌ گیاكه‌ڵه‌و خۆره‌ی توندو تیژی له‌ وڵاتمان دورخه‌ره‌وه‌ .

ئێسته‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رچوارچارچه‌ی كوردستان شه‌ڕی بون و ناسنامه‌ی خۆی ده‌كات و تۆش بڕشتی قوڵنگه‌كه‌ت كاتێ‌ به‌كارترده‌بێ‌ نه‌عره‌ته‌ت له‌ دهۆكی ده‌لال هه‌ڵقوڵی و جله‌ كوردیه‌كه‌ت تێكه‌ڵ به‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی قه‌ڵا و مناره‌ی هه‌ولێربێت و به‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ت پایته‌ختی ڕۆشنبیری سلێمانی دره‌و شاوه‌تر بكه‌ی و به‌ تێزه‌ ئابوریه‌كانت وامان بۆ بكه‌ی به‌شكو له‌مه‌ودوا خێرببینین له‌ نه‌وته‌ دزراوه‌كه‌ی بابا گوڕگوڕی كه‌ركوكم.

به‌ڕێز..
مامۆستا قه‌ره‌داغی، ئه‌م په‌یڤانه‌م دڵسۆزانه‌ بۆ نوسی له‌ كاتێكدا كه‌ زاتی په‌روه‌ردگار به‌ڵێنی داوه‌ له‌و كاتانه‌ نزای به‌نده‌كانی وه‌رده‌گرێ‌...پڕ به‌ دڵ هیوای له‌ش ساغی و ته‌مه‌نی درێژت بۆ ده‌كه‌م، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ووتاره‌كانی (خانه‌قا)و(هۆڵی ڕۆشنبیری)و(مزگه‌وتی چوارتا) و(مزگه‌وتی گه‌وره‌ی ڕانیه‌) و(مزگه‌وتی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌) .. هتد و زۆربه‌ی جار له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ت له‌ پێشوازیتدابووم، به‌ڵام كه‌م ده‌مناسی و هه‌موو جارێ‌ به‌(به‌خێربَی قوربان) ناوم دێنی.. به‌ڵام هه‌ر خۆشم ده‌وێی. تكایه‌ وه‌ره‌ له‌گه‌ڵمان بژی.. له‌گه‌ڵمان بمره‌.. زێده‌ پیرۆزه‌كه‌ی كوردستان شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان بۆ دواجار له‌سه‌ری چاو لێك بنێین و گیانمان ده‌رچێ‌..


دواتر
« Prev Post
پێشتر
Next Post »
سوپاس بۆ كومێنته‌كه‌ت