ئەنجومەنی دەستەی كارگێڕی باڵای ڕابیتەی ئیسلامی كورد كۆبوونەوەی وەرزی خۆی ئەنجام دا


ڕۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی  5/4/2015 لە هەولێری پایتەخت ئەنجومنی دەستەی كارگێڕی باڵای ڕابیتەی ئیسلامی كورد  بە ئامادەبوونی سەرجەم  ئەندامانی ئەنجومەنی دەستەی كارگێڕی باڵا  كۆبونەوەی  وەرزی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

سەرەتای كۆبونەوەكە  بە چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكرد پاشان  سەرۆكی دەستەی كارگێڕی باڵا وتەیەكی پێشكەش بە ئەندامانی ئەنجومەن و ئامادەبوان كرد و چەند ڕێنمایی و تێبینی پێویستی بۆ كاری خێرخوازی و مرۆڤ دۆستی لە قۆناغی ئێستاو ئایندەدا خستە ڕوو. 

پاشتر دەستەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی باڵای رابیتەی ئیسلامی كورد  بەوردی لەسەر چەند تەوەرێك وەستاو گفتوگۆیان لەسەر كرد:

1. بارودۆخی ئاوارەكان:
ئەنجومەن  ئەو كارو چالاكیانەی هەڵسەنگاند كە لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن لقەكانی ڕابیتەوە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە  بۆ هاوكاری و بەدەمەوە چونی ئاوارەكان  بە سەرنج دان لەوەی پێش هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و وەرزی گەرمای هاوین بەردەوامبین لە پێشكەشكردنی خزمەتی پێویست تا پەیامی خێرخوازی و مرۆڤ دۆستی كورد بە سەرجەم ئاوارەكان بگات و هاوكاری و یارمەتی بێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان. 

2.هاوكاری پێشمەرگە و خێزانی پێشمەرگە شەهیدەكان:
ئەنجومەنی دەستەی بەڕێوەبەردنی باڵا دووپاتی كردەوە لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی دكتۆر عەلی محی الدین قەرەداغی سەرۆكی ڕابیتەی ئیسلامی كورد، بەردەوامدەبین لە لەخۆگرتنی مناڵی شەهیدان و هاوكاری كردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ، شایەنی باسە تا ئێستا (31) منداڵی شەهیدانی ئەم دواییەی سەنگەر كەفالەت كراون و ژمارەیەكیان ماوە و لە داهاتویەكی نزیكدا بە هاوكاری خێرخوازان كەفالەت دەكرێن . 

3. كەفالەت كردن و دابەشكردنی موچەی نازداران:
ئەنجومەنی باڵا لەسەر بڕو جۆری هاوكاری و كەفالەتكردن و دابین كردنی پێداویستی نازداران  ڕاوەستاو بڕیاری دا جگە لە هاوكاری ماددی  لە بواری گەشەپێدان و زیندووكردنەوەی بۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵان و خزمەت بە مناڵان بەگشتی و نازداران بە تایبەتی بەردەوام بێت .

4. پڕۆژەكانی  ئاوەدانكردنەوە  و قۆناغەكانی :
ئەنجومەن لەسەر ئەو گرفت و لەمپەرانەی لەبەردەم پرۆژەی ئاوەدان كردنەوەدان راوەستا و هەر لەم ڕوانگەوە  هەنگاوەكانی بەشداری ئاوەدان كردنەوەی كۆبانی و  ڕاسپاردەی  جەنابی  دكتۆر عەلی قەرەداغی  لەو رووەوە  خستە بەر باس و لێكۆڵینەوە و ئەو گرفتانەی كە لەبەردەم  ئەم ئەركە  نیشتیمانی و نەتەوەییەدایە و كاركردن بۆ چارەسەر كردنی . 

5. ڕاگەیاندن:
 ئەنجومەن بە بایەخەوە  سود وەرگرتن  لە ڕاگەیاندن  بە هەموو شێوازەكانی (بینراو ، بیستراو ، خوێنراو ) و ئەلكترۆنی و بڵاوكراوەی تایبەت  دوپات كردەوە و لقەكانی ڕاسپارد سودی تەواو لە تەكنەلۆجیا وەربگرن بەپێی پلانەكان بۆ ئاشناكردنی خێرخوازان و ڕێكخراوە مرۆڤ دۆستییەكان بە پێداویستی ئەو چین و توێژانەی  كە پێویستیان بە هاوكاری ڕابیتە هەیە . 

لە كۆتایشدا  ئەنجومەنی دەستەی بەڕێوەبردنی باڵا  سوپاس و پێزانینی زۆری  پێشكەش بە سەرجەم  خێرخوازان بە گشتی و خێرخوازانی  كوردستان بە تایبەتی كرد   بەرامبەر  بەشداری  و هاوكاریە بەردەوامەكانیان  كە بۆتە هۆی ڕەنگ دانەوەی  پەیامی مرۆڤ دۆستی بۆ خەڵكی كوردستان و هەموو جیهان ، ئەمەش  لە تەواوی  سەردان  و لێدوانی  بەرپرسان  و ئەو  سەركردەو سەرۆكانەدا  ڕەنگی  داوەتەوە  كە سەردانی  كوردستانیان  كردوە  بە تایبەت لەم هەل  و مەرجە نوێیەی ئەمڕۆی كوردستان، پاشان كۆبونەوەكە بە چەندین بڕیار و ڕاسپاردە بۆ كاری ئایندە كۆتایی هات.



دواتر
« Prev Post
پێشتر
Next Post »
سوپاس بۆ كومێنته‌كه‌ت