رابیتەی ئیسلامی كورد لقی سلێمانی بەهاوكاری مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتوو مەراسیمی ڕێزلێنانی بۆ خانەوادەو كەس و كاری پۆلێك شەهیدی دەستی تیرۆرستانی داعش ئەنجامدا


ڕۆژی 12/3/2015 لە شاری سلێمانی / هۆڵی تەوار لقی سلێمانی رابیتەی ئیسلامی كورد بە هاوكاری مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتوو مەراسیمێكی شایستەی بۆ ڕێزلێنانی خانەوادەو كەس و كاری پۆلێك شەهیدی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە دەستی تیرۆریستانی داعش ئەنجامدا، كە لە چەند بڕگەو بابەتێك پێك هاتبوو، لە مەراسیمەكەدا (حسێن نجم الدین قەرەداغی) سەرۆكی دەستی كارگێڕی باڵای ڕابیتە ووتەی ڕابیتەی ئیسلامی كوردی پێشكەش كرد كەلای خوارەوە تەواوكەری وتەكە دەخەینە بەردەستی خوێنەران .

هەروەها بەڕێز (جمال محمود كەریم) بەڕێوبەری لقی سلێمانی ڕابیتە خەڵاتی بەخشیە خانەوادەی شەهیدان و هەروەها ژمارەیەك لە لێپرسراوانی دەزگاكانی حكومەت و لایەنە سیاسیەكان بەشداریان كرد لە دابەشكردنی خەڵاتەكاندا شایەنی باسە نوێنەری خانەوەدای شەهیدان سوپاس و پێزانینیان ئاڕاستەی ڕابیتەی ئیسلامی و مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتو كردو ئەو ڕێزلێنانەیان بەگرنگ ئەژمار كرد .
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
وتاری رابیتەی ئیسلامی كورد لە مەراسیمی رێزلێنانی بنەماڵەی شەهیدان لە سلێمانی /هۆڵی تەوار
بەڕێزان/ خانەوادەو كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان
ئامادەبوانی خۆشەویست
بە قەدرو رێزەوە ئەمڕۆ هەموومان لێرە كۆبووینەتەوە بۆ دەربڕینی سۆزو پێزانین و بەشداری شایستەو بە پایان گەیاندنی ئەو هەستەمان بە خانەوادەو كەسوكاری شكۆمەندی شەهیدانی كوردستان، بۆئەوەی لێرەوە دەستەو نەزەر لە حچورتان راوەستین‌و ئەم بەشداریەمان وەك مەدالیاو نیشانەی رێزو حورمەت لە بەرۆكی دانە بەدانەی ئەو خزم‌و كەسە بەڕێزانەمان بدەین بۆ گیان بەخشین‌و ئازایەتی باوك‌و برا‌و رۆڵە نەبەردەكانی ئێوە‌و پڵنگەكانی كوردستان بەرامبەر گروپێكی بەربەری‌و تیرۆریستی داعشی دوور لە هەموو بەهایەكی جوانی ئیسلام و مسوڵمانێتی‌و مرۆڤایەتی، وە تەواو پێچەوانەو دژ بە جەوهەری رەحمەت و رێزی ئیسلام بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی كە لە ئایەتی (ۆمَا أَرْسَلْنَاكَ إِڵّا رَحْمَەً لِلْعَاڵمِینَ) دا دەردەكەوێت.
هەموومان لێرەین بۆئەوەی ئەوە دووپات بكەینەوە كە ئێوە تاجی سەرمانن بیلبیلەی چاومانن، دڵمانن پانتایی محەبەتی ئێوەیە، هاوكات لە بارەگای سۆزو میهری پەروەردگار نزا خوازین رۆحی شەهیدەكانمان بە فیردەوسی باڵا شاد بكات.
ئامادەبوانی خۆشەویست:معلومی بەڕێزتانە رابیتەی ئیسلامی كورد وەك یەكەم رێكخراوی خێرخوازی كوردی لە ماوەی (26) ساڵی رابردوودا بەردەوام لە خزمەتی بنەماڵەی شەهیداندا بووە لە رێگای كەفالەت كردنی منداڵەكانیان و هاوكاری خانەوادەكانیان بەبێ‌ جیاوازی و هیچ هەڵاویردكردن لەسەر ئینتمای سیاسیی، وە لەگەڵ ئازارەكانیان دەژین، ئێستاش حاڵی حازر (11) هەزار منداڵی بێ‌ باوك سوود لە پرۆژەی كەفالەت كردن وەردەگرن.
لەم شاڵاوە نەگریسەدا كە لەلایەن داعش و هاوفكرو پشتیوانەكانیانەوە روبەڕووی كوردستان بووەتەوە، رابیتەی ئیسلامی كورد كار دەكات بۆ:
1. لەڕووی فیكری و سیاسیی و شەرعیەوە: لەلایەن كەسی یەكەمی رێكخراوەكەوە جەنابی (د. عەلی قەرەداغی) كە هاوكات ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمانە، بە دەركردنی فەتوای شەرعی و اقرار كردن و بە شەهید ناسینی پێشمەرگەی كوردستان وە لەسەر ئاستی جیهان بە كۆڕ و سیمینار و كۆنگرەی زانستی بۆ روونكردنەوەو تێگەیشتن و برەودان بە فكری میانەڕەوی و مرۆڤ سالاری و ژیان دۆستی و رەدكردنەوەی هەموو فكرێكی توندو پەڕگیر وەك داعش و هاوشێوەكانی.
2. بەدەمەوەچوونی خێرا بۆ خێزان و منداڵی برا پێشمەرگە شەهیدەكان و بریندارەكان و بە كەفالەت كردنی منداڵەكانیان بەبێ‌ وەستان و چاوەڕوانی، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم لقەكانی رابیتە لە حاڵەتی ئامادە باشیدان.
3. بەشداری لە هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ.
4. هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداری لە لیژنەی كاروباری ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، وە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و گەیاندنی پەیامی خێرخوازی و مرۆڤ دۆستی كوردی بە هەموو ئاوارەو پەناهەندەكانی كوردستان، كە ئەوە ئاوێنەو حەقیقەتی كۆمەڵگەی كوردی یە تا بتوانین ئەم پەیامە لە خزمەت دۆزە رەواكەی كوردی دا بەكار بهێنین.
لەم بوارانەدا ساڵی (2014) بڕی (7,520,717,000) دینارمان خەرج كردووە.
ئەم پڕۆژەیەی كە ئەمڕۆ شاهیدی ئەنجامدانی بووین، پڕۆژەیەكی هاوبەشی مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و لقی سلێمانی رابیتەی ئیسلامی كوردە كە زۆر سوپاس و پێزانین ئاراستەی خێرخوازانی كوردستان دەكەین كە بەخشین و جوامێری ئەوان ئەم پڕۆژە خێرخوازیانە بەرهەم دێنێت. هاوكات دەمانەوێت ئامادەیی رابیتەی ئیسلامی كورد نیشان بدەین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازیەكان و دەزگاكانی راگەیاندن و لایەنە سیاسییەكان و خێرخوازان بەگشتی.
لەگەڵ دووبارەی رێزو حورمەتی رابیتەی ئیسلامی كورد بۆ دانە بەدانەی خێزان و خانەوادەی شەهیدان، رۆحیان شاد بێت، كوردستان ئازد و ئارام بێت و ئێوەش سەربەرز و سەرفراز بن.
لەگەڵ رێزو سوپاس دا

رابیتەی ئیسلامی كورد
12/3/2015




دواتر
« Prev Post
پێشتر
Next Post »
سوپاس بۆ كومێنته‌كه‌ت